رێبەندان 

 

کیفاح ئەلئەکراد، واتە خەباتی کوردان، یەکێک لە هەرە گرینگکترین بەرهەمەکانی جەمال نەبەزە. ئەو ئەم بەرهەمەی بەر لە ٦٥ ساڵ بە عەرەبی نووسیوەو بۆ سەرۆک کۆماری ئەوسەردەمی میسر، واتە جەمال عەبدوڵناسری ناردووە، بۆ ئەوەی ئەم بەرهەمە لەیەکەمین دەستی خەباتی ئازادیخوازانەی کوردانەوە بخوێنێتەوە. 

 

هیوامان ئەوەیە کە بڵاوبوونەوەی سەرلەنوێی نامیلکەی کیفاح ئەلئەکراد یان خەباتی کوردان سەرنجی خوێنەرانی گەنج و جیلی نوێ بەلای خۆێدا رابکێشێت. ئەمە ئێستا مسۆگەرە

 


 

 سوپاس بۆ جەواد مەلا کە ئەرکی ئەم سەرلەنوێ بڵاوبوونەوەی وە ئەستۆ گرت. ئێستاش پێوستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە ئەمە لە دووهەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی جەمال، ئیشێکی جوانە کە ئەم بەرهەمە هەرە لە مێژینەی جەمال وەبیردەهێنێتەوە. ئێمە سوپاسی بڵاو کردنەوەی ئەم بەرهەمە دەکەین و هیوامان وایە لە نێوان هاوڕێیانی لە مێژینەدا گەلێک بیرەوەری بهێنێتەوە یادەکان. گەلێک باش دەبێت کە ئەم چەشنە ىیرەوەرییەیان لەگەڵ ئێمەش (وەک دەزگای جەمال نەبەز) هاوبەش بکرێت. گەرهاتوو زەمەنێک کاریگەری مێژوویی ئەم بەرهەمە کە هیوادارین بە پشتیوانی دەزگای جەماڵ نەبەز بنووسرێتەوە، بیرەوەرییەکانتان بێ گومان زۆر بەنرخ دەبن لەم بارەوە.  

 

بۆ وێنە لە ناوەڕاستی شەستەکانی (١٩٦٠)سەدەی ڕابوردوو لە رۆژئاوای کوردستان، دە ساڵ پاش نووسین و بڵاوبوونەوەی نهێنی ئەم بەرهەمە لە ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەگێڕنەوە کە قوتابییەکی کورد بەشێکی زۆر لەم بەرهەمەی(خەباتی کوردان) کە بە زمانێکی پاراوی عەرەبی نووسراوەی حیفز کردبوو. کاتێک لە کلاس جارێکیان قوتابییەکان لەسەر بیرۆکەی پێوەندی نێوان ئازادی و کۆمەڵگا بە نووسراو پرسیاریان لێ کرابوو، قوتابییە کوردەکە بە وڵامدانەوەو نووسینی بیرۆکەکانی، مامۆستاکەی تووشی سەرسووڕمان کردبوو. مامۆستاکە عەرەبێکی تاڕادەیەک گەنج و کۆمۆنیستێکی کراوە بوو. ئەو کاتێک زانی کە قووتابییەکە بۆ ئەم وڵامانەی لە هیچ نوسینێکی بەردەستی کەڵکی وەرنەگرتووەو لەسەر بنەمای خوێندنەوەکانی توانیویەتی تێگەشتنی خۆی لەم بارەوە ئازادانە دابڕێژێتەوە، باشترین دەرەجەی پێشکەش کردبوو.